فارسی
English

وتاره‌کان / سیاسی

لێک تێ‌گەیشتنی لۆزان سەرکەوتنی ئەتۆمی یا ڕزگاربوون لە قەیرانی ئابووری

عومەر باڵەکی
2015-04-20 14:58:43

 لە ماوەی ڕابردوو‌دا دوای ئەوەی لەسەرپرسی ئەتۆمی ئیران لایەنەکانی وتووێژکار لە شاری لۆزانی سویس گەیشتنە تفاهم بۆ ئەوەی لە ماوەی سێ مانگی داهاتوو‌دا بەستێنی ئەوە بڕەخسێنن کە لەسەرخاڵە سەرەکییەکانی جێگای ناکۆک بگەنە ڕێکەوتننامەیەک جێگای پەسەندی هەردوو لایەنی وتووێژکار‌، دوای گەڕانەوەی هەیئەتی وتووێژکاری ئێرانی، لە هێندێک شار‌و شاروچکەی ئێران خەڵک کەوتنە شایی‌و هەڵپەرکێ‌و خۆشی دەربڕین. ‌دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی ئەو خۆشی دەربرینەی خەڵکی بەنیشانەی رەزامەندیی خەڵک داناکە دەستەی وتوویژکاری ئێران سەرکەوتووبوون. لێرەدا پرسیار ئەوەیە ئایا ئەو شایی و خۆشی دەربڕینە بۆ سەرکەوتنی دەوڵەتی ئێران لە وتووێژە ئەتۆمییەکان بوو، یا هیوادار بوون بوو بەلاچوونی ئابلۆقە ئابوورییەکان و ڕزگاربوونیان لە وەزعییەتی نالەباری ئابووری کە لە ژێر ناوی پەروەندی ئەتۆمی بە سەریان‌دا سەپاوە؟ 

هەروەکی ئاگادارین ماوەی نزیک بە ١٢ ساڵە کێشەیەک لە نێوان دنیای ڕۆژئاوا لە لایەک و ئێران لە لایەکی دیکەوە هەیە‌و هەتا ئێستا لە نزیک بە ١٢‌ پێ‌تەخت‌و شارو وڵاتانی جیاجیا کۆبوونەوە‌و وتووێژی نێوان لایەنەکان بەڕێوەچووە‌. لەو وتووێژانە‌دا مەبەستی ڕۆژئاوا ئەوە بووە کە ئێران دەستی نەگاتە چەکی ئەتۆمی‌، چونکە بەپێی یاسا‌و بنەماکانی کۆماری ئیسلامی‌و قسە‌و دیالۆگی ڕێبەرانی ئەو نیزامە دەرخەری ئەو ڕاستیەن کە ڕێژیمێکی لەو چەشنە جێگای باوەڕ‌و متمانە نییە کە ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی‌و لە لایەکی دیکەوە ئێران هەر بەپێی باوەر‌و مەبناکانی خۆی دەیهەوێ ببێتە «‌ام القرای اسلام‌» لە ژێر ئاڵای مەزهەبی شیعەی باوە‌ڕدار بە ویلایەتی رەهای فەقی‌و لە بەدەسەڵات گەیشتنی هەتا ئێستای لەگەڵ دابێ بە دایم بەرنامە‌و پلانی بۆ هەناردەکردنی شۆڕش بۆ دەرەوەی سنوورەکانی ئێران بە یەکێک لە پایە‌و بناخەکانی ئەساسی سیاسەتی دەرەکی کۆماری ئیسلامی بووە‌، و ئیدامەی ئەو سیاسەتە نەک نەبۆتە هۆی پێشکەوتنی ئێران لە بواری خۆش بژێوی خەڵکی ئێران‌و بەتایبەتی لە ماوەی ئەو دوو سێ ساڵەی ڕابردوو‌دا کاتێک بە هۆی مل‌بادانی کۆماری ئیسلامی لە پیتاندنی ئۆڕانیوم‌و نزیک بوونەوە لە دروست بوونی چەکی ئەتۆمی کۆمەڵێک ئابلۆقەی ئابووری لە لایەن وڵاتانی ئەمریکا‌و یەکیەتیی ئورووپا‌و شووڕای ئەمنییەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان‌و هێندێک وڵاتانی دیکەی خرانە سەر ئابووری ئێران‌و ئەوە ڕاستە‌وخۆ کاریگەری لەسەر ژیانی خەڵک‌ داناوە. 
لەمێژە لە ژیانی مرۆڤایەتی‌دا ئەو ئەسڵە سەلمێندراوە کە ئابووری ژێرخانی هەر کۆمەڵگایەک پێک دێنێ‌. هەربۆیە دەتوانین بڵێین نزیک بە زۆربەی زۆری کێشە‌و گرفتەکانی نێو هەر کۆمەڵگایەک ڕیشەی لە ئابووری وڵات دایە‌. بێکاری‌و لێک جیا بوونەوەی ژن‌و مێرد‌، تووشبوون بە مادە هۆشبەرەکان‌، لادانی ئەخلاقی‌و تەنانەت قەتڵ‌و دزی هەموو دەگەڕێتەوە بۆ وەزعی خراپی ئابووری ئەو کۆمەڵگایە کە مەسئولیەت‌و بەرپرسیاریەتی ڕاستە‌وخۆ دەکەوێتەوە سەرشانی سیستمی حوکمڕانی‌و دەوڵەتی ئەو وڵاتە‌. هەروەکی پێشتر ئیشاڕەمان پێ کرد هەم ئابلۆقە ئابووریەکانی ڕۆژئاوا کەبە هۆی کەڵەوەکێشی لەگەڵ دنیا بۆ دەست ڕاگەیشتنی بە چەکی ناوکی بەسەرئێران دا سەپاوە‌و هەم ئەو هەموو خەرج‌و باجە کە کۆماری ئیسلامی لە دەست‌تێ‌وەردانەکانی خۆی بۆ هەناردەکردنی شۆڕش بۆ دەرەوەی سنوورەکانی ئێران کردویەتی‌و هەم سیاسەتی هەڵەی ئابووری دەوڵەت لەماوەی ٣٦ سالی رابردوودا وای لە ئابووری ئێران کردووە کە بازاری ئێران توانای هەناردەکردن یا هێنانی شت‌ومەکی پێویستی ژیانی خەڵکی نەبێ. بۆ نموونە بایەخی دراوی ئێرانی لە بەرامبەر دراوە خاریجیەکان بە ڕادەیەک بایەخی هاتۆتە خوارەوە کە توانایی کڕینی خەڵک بۆ دابین کردنی پێداویستیەکانی ڕۆژانەیان تووشی کێشەی کردوون ‌و لە لایەکی دیکەوە ناسەقامگیری دەوڵەت لە بواری ئەمنی‌یەوە بۆتە هۆی ئەوە کە بانک‌و شیرکەتە خاریجیەکان‌و سەرمایەداران‌، لە ئێران سەرمایە‌گوزاری نەکەن‌و ئەوە بۆتە هۆکارێکی گرینگ کە ڕێژەی بێکاری ڕۆژبەڕۆژ ڕوو لە زیاد بوون بکا بە ڕادەیەک کە ئێران لە ڕیزبەندی دەوڵەتان‌دا لە بواری ڕێژەی بێکاریەوە لە ڕیزی وڵاتانی یەکەم‌دا ڕادەوەستێ. لە حالێک‌دا ئێران وڵاتێکی دەوڵەمەند بە زەوەی‌و زاری کشت‌وکاڵ ‌و کانگای زۆری ژێرزەوی‌یە کە ئەگەر دەوڵەتێکی دێموکراتیک‌و خەڵکی لەسەر کورسیی دەسەڵات‌ بێ دەتوانێ بەو ئیمکاناتە سروشتییە کە هەیەتی ڕادەی بێکاری بەڕادەیەکی بەرچاو دابەزێنێ ‌و کارێکی بەرچاو بۆ بێکارانی ئێستا دەستەبەر بکا‌. 
هەروەکی پێشتر باسمان کرد ئابووری هەر وڵاتێک ڕادەی سەقامگیری سیستمی دەسەڵا‌تداریەتی ئەو وڵاتە دەست نیشان دەکا بۆیە کاتێک وەزعی ئابووری بەهۆی سیاسەتی هەڵەی سیستمی حوکمڕانی ڕێژەی بێکاری دەچێتە سەرێ‌و کاتێک بێکاری پەرەی ئەستاند کاریگەری ڕاستە‌وخۆی دەبێ لەسەر ژیانی خەڵک‌و ڕادەی لێک جیابوونەوەی ژن‌وو مێرد ڕوولە زیادبوون دەکا‌و کاتێک ژن‌و مێردێک بە هۆی وەزعی نالەباری ئابووری تووشی لێک جیابوونەوە دەبن‌و یەکەم کەس کە زیانی پێ دەکەوێ منداڵە‌کە لەکۆمەلگایەکی لەو بابەتەدا تووشی چارەنووسێکی نادیار دەبێ‌. 
بێجگە لەو نمونەیە‌، وەزعییەتی خراپی ئابووری هەژاری‌و کەم داهاتی پەرە پێدەدا‌و نەخۆشییە کۆمەڵایەتییەکانیش وەک گیرۆدەبوون بە مادەهۆشبەرەکان‌و فسادی ئەخلاقی‌و دزی‌و ڕاوەڕووت لە کۆمەڵگا‌دا پەرە دەستێنێ، کە بە داخەوە بە هۆی سیاسەتی هەڵەی کۆماری ئیسلامی لە بەڕێوەبردنی وڵات‌دا هەموو ئەو نەهامەتیانە بەسەر گەلانی ئێران‌دا هاتووە و ئێستا بە دەستیەوە دەناڵێنن‌. 
لە کۆتایی‌دا جێی خۆیەتی ئەو پرسیارە دووپات بکەینەوە کە بە وەزعە شپڕێوەی کۆمەڵگای ئێران لە بواری ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە دەبێ خەڵکی ئێران دڵیان بەوە خۆشبێ کە نوێنەرانی دەوڵەت لە سەر میزی وتووێژ‌و دانوستانەکان‌دا لەگەڵ دنیای ڕۆژئاوا لەسەر پرسی پەروەندەی ئەتۆمی‌دا سەرکەوتنیان بەدەست هێناوە یان بۆ ئەوە شایی‌و هەڵپەرکێ  دەکەن کە ڕەنگە لێک تێگەشتنی ئێران‌و وڵاتانی ٥+١ ببێتە هۆی ئەوە کە ئابلۆقە ئابوورییەکان لەسەر ئێران لابچن‌و دەروازەیەکی هیوا بە ڕووی خەڵکی ئێران بکرێتەوە‌و ئەوکات هانایەکیان لە بواری ئابووری‌و خۆش‌بژێوی  ژیان وەبەر بێتەوە‌و لەو وەزعە شەپرزەییە ئابوورییە کە ئاکامی سیاسەتی هەڵەی کۆماری ئیسلامی‌یە ڕزگاریان بێت‌. 
دەکرێ بۆچونی دووهەم دروست بێ چونگە هەم بەرپرسانی ئێرانی و هەم بەرپرسانی وڵاتانی ٥+١ لێدوانی جیاواز لە یەکتری دەدەن و هەر کامیان بۆ خۆراکی بیرورای گشتی خۆیان تەفسیری بەیاننامە سیاسییەکەی لۆزان دەکەن و تەنانەت «آیت اللە» خامەنەیی دەڵێ بۆ پیرۆزبایم لێ دەکەن خۆ هیچ رووی نەداوە؟ چونگە ئامانجی خامەنەیی دەست راگەیشتن بە چەکی ئەتۆمی بووکە بەو پێودانەی وتوویژەکان چوونە پێش ئەو ئامانجەی رێبەری کۆماری ئیسلامی نایەتەدی هەر بۆیە نارازییە. بەڵام تێ‌گەیشتنی خەڵک شتێکی دیکەیە و راست بە پێچەوانەی خامەنەییە و هیوا دەخوازن ئاکامی وتوویژەکان فەزایەک بخوڵقینی کە لەو وەزعە ئابووریە خراپە رزگاریان بێت.
لە ژماره‌ ٦٥٤ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه‌