فارسی
English

وتاره‌کان / سیاسی

لە پەراوێزی سەردانی سەرۆککۆماری تورکیە بۆ ئێران

عەزیز مەعرووفی
2015-04-20 14:52:31

 

 
    سەرەڕای هەموو هەڕەشە و گۆڕەشەکانی هێندێک تاقم و مۆرەی سەر بە سوپای پاسدارانی ڕیژیم و وتەبێژی کۆمسیۆنی سیاسەتی دەروەی مەجلیسی شوڕای ئیسلامی ئێران، ڕەجەب تەیپ ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیە، وێڕای وەفدێک لە ڕاوێژکاران و وەزیرانی وڵاتەکەی وەک وەزیرانی دەرەوە، ئابووری ، وزە و سەرچاوەکان و ڕاوێژکاری میت بە سەردانێکی یەک رۆژە چوو بۆ ئێران. چەند  رۆژ پێشتر، تاقم و مۆرەکانی دەوڵەتیی و سوپای پاستاران، ٦٥ نوێنەری مەجلیس بە نامە داوایان لە  حەسەن ڕوحانی، سەرۆککۆماری رێژیم دەکرد، رێ لە هاتنی ئەردۆغان بۆ وڵاتەکەیان بگرێ، سەفەرەکەی هەڵوەشێندرێتەوە یان لانی کەم وەپاش بخرێ. ئەردۆغان پەکی نەخست، زۆر بە پێداگیرییەوە لە کاتی دیاریکراو سەفەرەکەی کرد. نابراو لە کۆشکی سەعدئاباد لە گەڵ حەسەن ڕوحانی کۆبووە، لە عەلی خامنەییش کۆبووە
  ناڕەزایەتی دەبرین بۆ وەها سەفەرێک، بۆ دەرخستنی ڕق و بێزاری لە قسەکانی چەند ڕۆژ پێشتری ئەردۆغان لە ئاست ئێران دابوو. ئەردۆغان چی گوتبوو؟  ئەدی هەڕەشە و ناڕەزایەتی بۆچی؟ ئەردۆغان، ڕۆژی ٢٦ی مارس، ڕاستەوخۆ هاوکاری و پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ هێڕشی عەڕەبستان و هاوپەیمانەکانی بۆ سەر حوسییەکانی یەمەن و گۆڕەوشاردانی حوسییەکانی یەمەن ڕاگەیاند، وێڕای ئەوە بە ڕاشکاوی ئێرانی بە دەست تێ‌کێشان لە وڵاتانی یەمەن، سوریە و عێراق تۆمەتبار کرد. ناوبراو گوتی:» پشتیوانی لۆجەستیکی تورکیە بۆ عەرەبستان و هاوپەیمانانی ڕادەگەیەنین. ئێران و گرووپە تیرۆریستییەکان دەبێ لە یەمەن بکشێنەوە. ئێران بە سیاسەتی دەست تێ‌کێشان و ئاڵۆزی نانەوە وڵاتانی ناوچەی وەزاڵە هێناوە، ئەوەش هەرگیز جێی قەبووڵ کردن نییە. ئێران، بۆی نییە جێی داعش لە مووسڵ بۆ خۆی بگرێتەوە». هەڕەشە و خۆ سوور کردنەوەی ئەو تاقم و مۆرانەی ڕێژیم کە بە بێ خەت دانی رێژیم، نەکراون، ڕاست بۆ ئەوەیە کە نیشانی نەیارەکانیان  بدەن ڕیژیم ئێران لە سەر سیاسەتی ناردنە دەرەوەی شۆڕش و هەروەها لە سەر دامەزرانی هیلالی شیعە لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست سوورە و بە ئاسانی سەر بۆ تەوەرەی سوننە نەوی ناکات. ئەوە لایەنێکی دۆخی و هەستیاری سەردانەکە بوو.
لایەنێکی دیکەی ئەوەیە، ئەو سەردانە، دوا بە دوای کۆبوونەوەکانی لۆزان و رێککەوتنی ئێران و وڵاتانی ١+٥ لە سەر بەرنامەی ئەتۆمیی شەڕخوازنەی ئێران پێکهات. رێژیمی ئێران کە خۆی وەک لایەنی براوە لە تێکڕایی وتووێژەکان و ڕێککەوتنی لۆزان، دەردەخست، هەوڵی ئەوە بووە بیروڕای نێوخۆیی و دەرەکیی  سەبارەت بە کڕۆکی ڕاستییەکان بشێوێنێ و خۆی وەک براوە دەرخا و دیزەبەدەرخۆنە کرانی بەرنامە هەستییەکەی وەک سەرکەوتن بە چاوی دوست و دوژمن دابداتەوە.
تورکیە و ئێران، دوو لە گرینگترین وڵاتانی جێگای مشت و مڕ لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دان. ئێران، خۆی بە داکۆکیکار و پارێزەری هەموو شیعەکانی جهیان دادەنێ و لە تەشەنە و بڵێسە سەندنی شەڕ و ململانێی نێوان تەوەری شیعە و تەوەرەی سووننە کە عەرەبستان ، میسر و تورکیە ئاڵا هەڵگرین، نەپرینگاوەتەوە. ئێران، وڵاتانی سووریە، یەمەن و عێراقی کردۆتە مەیدانی تەراتێنی دەست و پێوەندەکانی خۆی، لە کوێ شەڕ و ئاژاوە هەبێ ئێرانیش لەوێ هەیە. بۆیە سەرەڕای ئەو هەڕەشانەی لە سەرێ باسمان کردن، ئەردۆغان چوو بۆ ئێران تاکوو ناڕاستەوخۆ بە ئێران بڵێ، ئێمەش هەین و سەرەڕای هەموو بەرژوەندییە هاوبەشەکەنمان لە گەڵ ئێران، بەرژەوەندی تایبەتمان لە هەڕەمی سووننە دا هەیە و ئاسان نییە چاو لە پەلکێشی ئێران بۆ وڵاتانی دەورووبەر بنوقێنین.
ئەردۆغان، لەو سەفەرە دا لە گەڵ هاوتا ئێرانییەکەی، هاوکێشە ناوچەیی و جیهانییەکانی هەڵسەنگاندوە. ئاوڕ لە دۆخی یەمەن، عێراق، سووریە و تێکڕایی بوارەکانی هاوکاری نێوانیان دراوەتەوە و،  لە هەمووی گرینگتر لە کۆشکی سەعد ئاباد، بۆ جارێکی دیکەش کێشەی لە مێژینەی کورد و کوردستانیان هەڵسەنگاندۆتەوە. بەم جۆرە، دووهەمین کۆبوونەوەی هەیئەتی شوڕای بەرزی هاوکاری و پێوەندی ئێران- تورکیە بەڕێوە چوو. 
قورسایی سەردانی ئەردۆغان بۆ ئێران دوو خاڵ لەخۆ دەگرێ؛ یەکەم، بواری ئابووری، وزە و بازرگانی؛  بڕیار بوو ڕێژەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و ئابووری نێوان دوو وڵات، پار ٣٠ میلیارد دۆڵار بێ. کاریگەری گەمارۆ ئابوورییەکانی سەر ئێران نەیهێشت ئەو ئاڵ و گۆڕە بە نیوەی ئاستی خۆشی بگات. ٩٥ لەسەدی هەناردەی ئێران بۆ تورکیە گازی سرووشتییە، ئەردۆغان داوای داشکانی نرخی گازی لە ئێران کرد و داوای کرد دوو وڵات لەمەوبەوا هەوڵ بدەن ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوانیان بە دۆلار نەکەن بەڵکو بە لیرەی تورکی و تمەنی ئێرانی  بیکەن. کەواتە، گەمارۆ ئابوورییەکانی سەر ئێران خێری بۆ تورکیەش نەداوە، لە خۆرا نەبوو تورکیە یەک لەو چەند وڵاتە بوو لە ئەنجومەنی ئاسایشی شوڕای نەتەوەیەکگرتووەکان دژی هەر چەشنە گەمارۆیەک بە دژی ئێران دەوەستاوە. جیا لەوە ئاکەپە، پارتی دەسەڵاتداری تورکیە کە کۆڵەکەی دەسەڵاتیی لە سەر مەزهەب و ئابووری قایم کردوە، پشووی بە  ڕێککەوتنی ئێران و وڵاتانی ١+٥ و هەلوەشاندننەوەی گەمارۆ ئابوورییەکانی سەر ئێران خۆش کردوە و بۆوەی دەرفەتەکان بۆ برەوپێدانی پێوەندەی ئابووری و وزە بقۆزێتەوە، بێ گوێ دانە هەڕەشەکان، توانی سەفەری خۆی بسەپێنێ. 
دووهەم، کێشەی لە مێژینەی کورد و کوردستان و خەباتی ناسراوی کوردە. لە دۆخی ئاڵۆزی ناوچە، ململانێ بێ سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دا، لە مەڵبەدندێک کە لێوان لێوە لە گرژی و ئاڵۆزی و لە پێکدان، کێشەی کورد بۆتە فاکتەرێکی بەهێز. ئەو فاکتەرە گرینگە، لە ژێر کۆنتڕۆلی دەوڵەتانی ناوچە بە تایبەت دوو وڵاتی تورکیە  و ئێران چۆتە دەر و داوێنی ئەوانیشی گرتۆتەوە. کێشەی کورد لە باشوری کوردستان و لە ڕۆژئاوای کوردستان بە جۆرێک بەرەو پێش چووە، توانیوێتی پشتیوانی نێودەوڵەتی بۆخۆی دەستەبەر بکات، شتێک کە مایەی توڕەیی و دەمارگرژی ئەو دوو وڵاتەیە. لێدان و گورچ و بڕی داعش لە لایەن ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە باشووری کوردستان و کۆبانی،  نموونەی زەقی ئەو ڕاستییەن.
تورکیە و ئێران گەورەترین بەشی کوردستانیان داگیر کردوە، بۆیە ئەو کاتانەش پێوەندەی دوو وڵات بە گرژترین ئاستی خۆی دەگات، نابێ لەوە غافڵ بین، ئەوان بۆ کۆسپ و تەگەرە داتاشین و هەتڵە بوونی ڕەڕەوەی شۆڕشی کوردستان و تواندنەوەی ئامادەن پێکەوە دانیشن و وەک خەسلەتی باوی مێژووییان، پەنا بۆ بن کۆڵ کردن، ئاژاوە و ئالۆزی‌نانەوە دە نێو ڕیزەکانی نەتەوەی دابەش کراوی کورد بەرن. لەو سۆنگەوە، دوو نموونەی  لەو چەشنە  بێنینەوە؛ ساڵی ١٩٧٤ ڕاست ئەو کاتە ڕێژیمی پاشایەتی ئێران پێوەندەی توند و تۆڵی لە گەڵ شۆڕشی باشووری کوردوستان هەبوو، بە ڕێککەوتن لە گەڵ رێژیمی بەعسی عێراق کە بە ڕێککەوتننامەی ئەلجەزایر بە ناوبانگە، ئەو شۆڕشە بەرین و ڕەوایەی تووشی نسکۆ کرد. دووهەم؛ ٢٠١٢ ئەو کاتەی ئەردۆغان سەرۆک وەزیرانی تورکیە بوو، بە مەبەستی داڵدەدانی تاریق هاشمی، جێگری سەرۆککۆماری عێراق، نوری مالیکی سەرۆک وەزیرانی عیراقی بەوە تۆمەتبار کرد، کەلێنی شیعە و سووننەی قووڵتر کردۆتەوە و غەدر لە سووننەکان دەکات. ساڵیک دواتر لایەنێکی ڕاستتری ئەو هەڕەشەی ئاشکرا کرد، گوتی من بۆیە هێندە دژت بووم چونکە کارێکت کرد کوردەکانی باکووری عێراق بیر لە سەربەخۆیی بکەنەوە. 
چوونی ئەردۆغان بۆ ئێران و کۆبوونەوەی لە گەڵ کاربەدەستانی پلە بەرزی ڕیژیم، کۆتایی بە ناکۆکی و ملانێی ئەو دوو وڵاتە ناهێنێ. ئەو دوو وڵاتە روانگەی تەواو جیاوازیان لە سەر سووریە و عێراق هەیە، بەڵام وێڕای ئەوە ئێران وەک  تەوەری شیعە و دەسەڵاتی» سەفەوی» و تورکیەش وەک دەسەڵاتی «ئیمپراتۆری عوسمانی»و   هاوپەیمانی گرینگی تەوەری سوننە لە خۆیان دەڕوانن، لە ناوچەدا سیاسەت و ئامانجەکانی خۆیان بەرەو پیش دەبەن و هەوڵیش دەدەن ئەوەندەی بۆیان بکرێ لە بەرژوەندییەکانی یەکتر نەدەن. هەموو کاتێکیش ئەوندەی هاوکێشە ناوچەیی و نێو دەوڵەتییەکان ڕێگا بدەن ئامادەن لە سەر کێشەی کورد سات و سەودا بکەن، پێک بێن و ناکۆکییەکانیان وەلا بنێن. ڕاستە ئێستا هاوکێشەکانی ناوچە ئاڵۆزن، بەڵام ناشبێ بێ ترس دانیشین. 
لله‌ ژماره‌ ٦٥٤ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه‌