فارسی
English

وتاره‌کان / سیاسی

تراویلکەی هیلالی شیعی

ناسر باباخانی
2015-04-18 08:28:38

سیاسەتی هەناردە کردنی شۆڕش واتە "صدور انقلاب" بۆ دەرەوەی سنوورەکانی ئێران لە سەرەتای دامەزرانی کۆماری ئیسلامییەوە ئیستراتێژی سەرەکی ئەم حکوومەتە بووە. بەڵام لە ڕاستی‌دا مەبەستی کۆماری ئیسلامی لەم سیاسەتە لە هەمان کات‌دا کە ویستوویەتی بازنەی نفووزی خۆی لە ناو وڵاتانی دەرودراوسێ‌دا بەربڵاوتر بکا، دەیەوێ ئاست و زەریبی ئەمنییەتی خۆی لە سەر بنەمای بیردۆزی پێشگیری (تئوری بازدارندگی) بەرێتە سەر. بۆ ئەم مەبەستەش لە فاکتۆری مەزهەبی شیعە کەڵک وەردەگرێ و جوغرافیای "هیلالی شیعی" وەک ژێئۆپۆلێتیکی شیعی کردووەتە مەیدانی تەراتێنی خۆی. ئەم هیلالە کە جەمسەرێکی لە لوبنانە و بە سەر سووریە، عێراق، کووەیت، بەحرەین، ئەمارات، قەتەر وڕۆژهەڵاتی عەرەبستان‌دا خەرمانەی داوە جەمسەرەکەی تری دەگاتەوە یەمەن. واتە پانتایەکی جوغرافیایی بەرین بە حەشیمەتێکی بەرچاوەوە. بە پێی ئەوەی کە گەورەترین سەرچاوەکانی وزەی دنیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست‌دایە، ئەم هیلالەش بەشێکی بەرچاو لەم سەرچاوانە لەخۆدەگرێ و دەورێکی گرینگی ژێئۆپۆلیتیکیان هەیە. بۆ وڵاتێکی وەک ئێران زۆر ئاسایی‌یە کە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ خۆی لە حەسارخەڵوەتی ئەم وڵاتانەدا ببینێتەوە و ئاستی ئەمنییەتی خۆی لەمەڕ هەڕەشە دەرەکی و تەنانەت ناوخۆیی‌یەکانیشی بەرێتە سەر، بۆ ئەوەش کە بتوانێ شوێن خۆی لەم وڵاتانەدا جێ‌بێڵێ باشترین فاکتۆر هاوتەریب کردنی ئەم وڵاتانە لەگەڵ خۆیەتی کە خەڵکی شیعەمەزهەبیان تێدا دەژی و ڕێک هەمان سیاسەتی شا ئیسماعیلی سەفەوییە کە بۆ بەرهەڵستی ئیمپراتۆری سوننەمەزهەبی عوسمانی، شیعەگەرێتی کرد بە دوکتورینی سیلسیلەی سەفەوی.
خاڵی سەرنج‌ڕاکێش ئەمەیە کە لە کاتی موناقەشەی ئازەربایجانی زۆرینە شیعەمەزهەب لەگەڵ ئەرمەنستانی مەسیحی لە سەر ناوچەی قەرەباغ، چون ئازەربایجان لە دەرەوەی هیلالی شیعەیە کۆماری ئیسلامی لایەنگری لێناکا و ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە کە ئێران لە فاکتۆری شیعەگەرێتی بۆ ئامانجەکان و ئەمنییەتی خۆی کەڵک وەردەگرێ و تەنانەت بەرژەوەندی وڵاتانی تری هاومەزهەبی خۆی کە لە دەرەوەی دوکتورینەکەیەتی بە لاوە گرینگ نییە!
ئەوەی کە ئێستا لەسەر ئەرزی واقێع بەدی دەکرێ ئەمەیە کە کۆماری ئیسلامی بە دەستێوەردان لە کاروباری ناوخۆیی ئەم وڵاتانەی لە ناو هیلالی شیعی‌دان بۆتە هۆی تێکدانی ئاسایش و ئەمنییەتی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووری ناوچەکە. لە ڕاستی‌دا ئەم ناسەقامگیرییە پەیوەندییەکی ئەم‌ئەوێتی لەگەڵ درێژەی تەمەنی ئەم حکوومەتەوە هەیە و زۆر جاران لەم دۆخەی کە خۆی خوڵقێنەرێتی وەک کارتی کایەیەکی سیاسی لەگەڵ وڵاتانی ناوچە و تەنانەت زلهێزەکانی جیهان و لەسەرووی هەمووان ئەمریکا کەلکی لێوەرگرتووە. دیارە بۆ بەدەستەوە گرتنی ئەم کارتەش بە میلیادردها دۆلار لە سامانی نەتەوەکانی ئێرانی تێچووی بۆ داوە و بارودۆخی ئێرانی لە باری سیاسی ئابوورییەوە گەیاندۆتە ئەم قۆناغە کارەساتبارەی کە ئێستا هەیەتی.
بەڵام ئەوەی کە لە تەڕڕاحی ئەم دوکتورینەی کۆماری ئیسلامی‌دا واتە هیلالی شیعی ڕەچاو نەکراوە و دەتوانێ دواجار پارسەنگی هاوکێشەکە بگۆڕێ و بە زەرەری ئێوان‌دا بشکێتەوە، چەند خاڵێکە کە بە کورتی ئاماژەیان پێدەکەین:
یەکەم: دیارە هەر لە خودی ئەم هیلالەدا ڕێژەی شیعەکان لە وڵاتانی شیعە بەیەکەوە جیاوازی بەرچاوی هەیە بۆ وێنە ئەگەر لە عێراق و بەحرەین زۆرینەن لە یەمەن، سووریا و لوبنان کەمینەن.
دووهەم: لە ناو خودی شیعەکانیش‌دا کەلێنی سیاسی گەورە بەدی دەکرێ، کە تەنانەت دەگاتە ئاستی دژایەتی کۆماری ئیسلامی.
سێهەم: پڕش‌و بڵاوی نفووسی شیعەمەزهەب لە سەر خەریتەی ئەم هیلالە لێکدابڕانێکی جوغرافیایی سازداوە کە دواجار خۆی بەربەستە بۆ بەرنامەکانی ئێران.
چوارەم: ساز بوونی تاقم و گرووپە ڕادیکاڵ و توندئاژۆکانی سوننەمەزهەب وەک دژکردەوەیەک لەبەرامبەر شیعەتوندڕەوەکان.
پێنجەم: ناوەندەکانی سوننە مەزهەبی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە زۆرتر گوزارە لە ڕای جیهانی ئیسلام دەکەن (بۆ وێنە ئەلەزهەری میسر وەک باڵاترین ناوەندی زانستی جیهانی ئیسلام و مەککەی عەڕەبستان وەک قیبلەی موسڵمانانی جیهان) ڕێگرن لە بەدیهاتنی خولیای سەرکردەکانی ئێران.
شەشەم: بیچم گرتنی ناسیۆنالیسمی عەڕەبی لەم ناوچەیە بە دوور لە ئینتیمای ئایینی و مەزهەبی کە لە زۆر قۆناغی مێژوویی‌دا کاریگەری خۆی هەبووە.
حەوتەم: ڕکابەرێتی نێوان ئایەتوڵڵا سیستانی گەورە مەرجەعی شیعەکان و خامنەیی، کە بۆتە هۆی کەلێنێکی بنەڕەتی لە ناو لایەنگرانی هەردوو لادا.
هەشتەم: دەوری تورکیا وەک دراوسێییەکی بەهێزی ئێران کە ئەندامی ناتۆشە نابێ لە بیر بکرێ، وتەکانی ئەم داویی‌یەی ئەردۆغان سەرکۆماری تورکیا سەبارەت بەئێران کە دەیەوێ هێژمۆنی خۆی بەسەر ناوچەدا داسەپێنێ گوزارە لەمە دەکا کە دەوڵەتی ئیسلامیخوازی تورکیا هەرگیز ڕازی بەمە نابێ کە وەها هیلالێک بەسەرکردایەتی ئێران شکڵ بگرێ.
نۆهەم: عەڕەبستان هەر لەسەرەتای هاتنە سەر کاری کۆماری ئیسلامی هەتا ئێستا گەلێک کێشەی گەورە و گچکەی لەگەڵی هەبووە و ئێستاش لە قەیراناویترین پەیوەندی‌دان، عەڕەبستان وەک گەورەترین وڵاتی بەرهەم‌هێنەری نەوت لە جیهان‌دا و سەرکردایەتی دنیای سوننە و هاوپەیمانی لەگەڵ ئەمریکا و لێك‌نیزیک بوونەوەی لە تورکیا دەورێکی سەرەکی دەگێڕێ لە بەرگری کردن لە ساز بوونی هیلالی شیعی.
جەختی ئێران لە سەر ئەم هیلالە وەک پشتێندێکی ئەمنییەتی بۆ پاراستنی خۆی ڕەنگە لەم ساتەوەختە قەیراناوییەدا دا کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێی‌دا تێدەپەڕێ لە کورت‌ماوەدا جواب داتەوە، بەڵام بە ئەهوەن بوونەوەی ناوچە و بە سرنج‌دان بەم خاڵانەی ئاماژەمان پێدا و هەروەها دۆخی نالەباری سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی ناوخۆیی لە درێژماوەدا ئێران بەتەنیا دەمێنێتەوە.ئەوهیلالە شیعییەی کۆماری ئیسلامی ئێران بەدوویەوە،تراویلکەیە!