فارسی
English

هه‌واڵه‌کان

کۆبوونه‌وه‌ی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان و سه‌رۆکی پاڕلمانی کوردستان

2015-04-20 18:31:34

شاندێکی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان به‌سه‌رپه‌رستیی سکرتێری گشتیی حیزب سه‌ردانی پاڕلمانی کوردستانی کردو له‌گه‌ڵ شاندێکی پاڕلمان به‌سه‌رۆکایه‌تیی دوکتور یوسف محه‌ممه‌د کۆبوونه‌وه‌.
ڕۆژی دووشه‌ممه‌ 31ی خاکه‌لێوه‌ی 94  ( 20ی ئاپریلی 2015 ) هه‌یئه‌تێکی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان به‌سه‌رپه‌رستیی خالید عه‌زیزی، سکرتێری گشتیی حیزب‌و به‌هاورێیه‌تیی ئیبراهیم زێوه‌یی، نوێنه‌ری حیزب له ‌هه‌ولێر سه‌ردانی پارلمانی کوردستانی کردو له‌لایه‌ن دوکتۆر یوسف محه‌ممه‌د سه‌رۆکی پارلمانه‌وه‌پێشوازییان لێکرا.
له‌و دانیشتنه‌دا هێندێک بابه‌ت‌و ته‌وه‌ری پێوه‌ندیدار به‌دۆخی کوردستان، ناوچه‌و ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست‌و پرسی کورد به‌گشتیی له‌هه‌موو پارچه‌کاندا ، هاتنه‌به‌ر باس‌و ئاڵوگۆری بیروڕایان له‌سه‌ر کرا.
له‌و دیداره‌دا بارودۆخی ئێستای هه‌رێم‌و ناوچه‌و چه‌ندوچۆنی ئه‌م کێشانه‌ی به‌ره‌وڕووی هه‌رێمی کوردستان بوونه‌ته‌وه‌، پێویستیی پاراستنی ئه‌زموونی هه‌رێمی کوردستان وه‌ک ده‌سکه‌وتێکی نه‌ته‌وه‌یی کورد بۆ هه‌موو پارچه‌کانی کوردستان، پێویستی‌و به‌رده‌وامیی سیاسه‌تیی پێکه‌وه‌ژیانی کوردو نه‌ته‌وه‌کانی دیکه‌ی نیشته‌جێی له‌کوردستان، ره‌چاوکردنی رێگاچاره‌ی دیالۆگ و ئاشتییانه‌ بۆ چاره‌سه‌ری گرفته‌جۆراوجۆره‌کان له ‌ئاستی کوردستان ده‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدارانی حاکم به‌سه‌ر کوردستان چه‌ند ته‌وه‌رێک بوون که‌دوو لایه‌ن قسه‌یان له‌سه‌ر کرد.
له‌و دانیشتنه‌دا خالید عه‌زیزی، سکرتێری گشتیی حیزب به ‌له‌به‌رچاوگرتنی قۆناغی ئێستای هه‌رێمی کوردستان پێداگری له‌سه‌ر پێویستیی یه‌کریزی‌و ته‌بایی نێوان حیزبه‌کانی باشوری کوردستان‌و هه‌روه‌ها سه‌رۆکایه‌تیی پارلمان ده‌گه‌ڵ سه‌رۆکایه‌تیی هه‌رێم‌و حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستانی کرده‌وه‌و هیوای خواست که‌ئه‌زموونی حکومه‌تیی هه‌رێمی کوردستان وه‌ک سه‌رچاوه‌یه‌کی شه‌رعی‌و دێمۆکراتیک‌و هه‌ڵبژێردراو، ببێته مۆدێلێک بۆ هه‌موو پارچه‌کانی دیکه‌ی کوردستان.
شایانی باسه‌ پاش ئه‌م سه‌ردانه‌و هه‌ر له‌ پارلمانی کوردستان ته‌له‌ڤزیۆنی "رووداو" و "که‌ی. ئێن. ئێن" له‌پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ دیداری شاندی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان‌و سه‌رۆکی پارلمانی کوردستان ده‌گه‌ڵ خالید عه‌زیزی، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکڕات وتووێژیان کرد.