فارسی
English

هه‌واڵه‌کان

به‌ڕێوه‌چوونی کۆره‌ شێعرێک له‌ هه‌ولێر له‌ په‌سنی شه‌هیدو پێشمه‌رگه‌کانی کوردستان

2015-04-19 00:46:08

 بۆ ڕێزنان له‌ ئازایه‌تی‌و قاره‌مانه‌تیی هێزی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان‌و بیره‌وه‌ریی شه‌هیدانی سه‌ربه‌رزی نیشتمان له‌ شه‌ڕی داگیرکه‌رانی کوردستاندا کۆڕه‌ شێعرێک له‌ شاری هه‌ولێر به‌ڕێوه‌ چوو. 

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی چالاکیی وێژه‌یی هه‌ولێر رۆژی شه‌ممه‌ 29 ی خاکه‌لێوه‌ کۆڕه‌ شێعرێکی بۆ شاعیران بۆتان جه‌لال، زیاد نادر و ره‌سووڵ سوڵتانی پێک هێنا.
ئه‌و کۆڕه‌ شێعره‌ وه‌ک باس‌کرا بۆ پشتیوانی له‌ پێشمه‌رگه‌ی کوردستان و هاوسۆزی له‌گه‌ڵ ئه‌و رۆڵه‌گیانله‌سه‌رده‌ستانه‌ی نیشتمان پێک هات‌و‌ خه‌ڵکێکی زۆر له‌ شاعیران‌و نووسه‌ران‌و هونه‌رمه‌ند و هۆگرانی ئه‌ده‌بی کورد تێیدا به‌شدار بوون‌و ئه‌و سێ شاعیره‌ش شیعره‌کانیان خوێنده‌وه‌.
ره‌سووڵ سوڵتانی، پێشمه‌رگه‌ی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان‌و شاعیری خاوه‌ن هه‌ست که‌ یه‌کێک له‌ به‌شدارانی ئه‌و کۆڕه‌ شێعره‌ بوو، له‌ لێدوانێکدا بۆ کوردستان‌و کورد ده‌ڵێ: له‌گه‌ڵ هه‌ڕه‌شه‌‌و په‌لاماره‌کانی ده‌وڵه‌ته‌ ئیسلامییه‌که‌ی داعش بۆ سه‌ر کوردستان‌و به‌ره‌نگاریی قاره‌مانانه‌ی پێشمه‌رگه‌ گیانله‌سه‌رده‌سته‌کانمان، هونه‌ر له‌ باشووری کوردستان گیانێکی حه‌ماسیی به‌به‌ردا هاته‌وه‌و دیسان سروودو گۆرانیی نیشتمانی‌و شیعری حه‌ماسی که‌ له باشووری کوردستان له‌ دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه ته‌واو فه‌رامۆش کرابوو و که‌س قه‌ڵه‌میشی پێدا نه‌ده‌هێنا و‌‌ ته‌نیا له‌ لێکۆڵینه‌وه‌ ئه‌کادیمییه‌کاندا ناویان دهات، دیسانیش بووژانه‌وه‌.
ره‌سووڵ سوڵتانی ده‌ڵێ له‌و ده‌رفه‌ته‌دا شاعیران ئه‌سپی قه‌ڵه‌میان لێ تاو داو هه‌ر که‌سه‌و له‌ ده‌لاقه‌ی روانینی خۆیه‌وه‌ هه‌وڵی دا قه‌ڵه‌مه‌که‌ی بکاته‌ چه‌کێکی کاریگه‌ر بۆ پشتیوانیی پێشمه‌رگه‌ و ده‌ربڕینی خۆشه‌ویستیی نیشتمان و به‌گژداچوونه‌وه‌ی دوژمنان و مه‌زنیی شه‌هیده‌کانمان.