فارسی
English

هه‌واڵه‌کان

هێرشی پێشنوێژی هەینیی تاران بۆسەر عەرەبستان‌و سوننی مەزهەبەكان

2015-04-18 08:25:22

 مەلا مووەحیدیی كرمانی، پێشنوێژی كاتیی تاران لە خوتبەکانی نوێژی هەینیی تاراندا هێرشی کردە سەر ئەمریکاو  گوتی ئەگەر ئۆباما دەڵێ ئێران تەنیا 1 میلیمیتر سەرپێچی بكا گشت گەمارۆكان دەگەڕێنەوە سەر شوێنی خۆیان، ئێمەش دەڵێین ئەگەر ئامریكا تەنیا نیو میلیمیتر سەرپێچی بكا، ئاواتی ئیمزا كردنی ڕێككەوتنامە لەگەڵ ئێران دەباتە ژێر گڵ.

كرمانی دەڵێ ئێران بەهیچ شێوەیەك ڕێگە بە بێگانە و سیخوڕ نادەن هەرێمی ئەمنیەتیی وڵاتەكەیان ببەزێنن.
ناوبراو ڕوو بە لایەنی ڕوژاوایی دەڵێ، وەرن لە ئێستاڕا تا بە دوایین ڕێككەوتن دەگەن، بڕیارێكی بەدوور لە درۆو سەرپێچی بدەن‌وئەوەش قەبوووڵ بكەن كە قسەكانی ئێران هەموویان ڕاستن‌و دەبێ هەر لە ڕۆژی كۆتایی دانووستانەكاندا گەمارۆكان هەڵوەشێننەوە.
پێشنوێژی كاتیی تاران لەم بەشەی قسەكانیدا ئەوجار پەلاماری عەرەبستانی داو گوتی: ئەوەی جێگای داخە بەرنامە دزێوەكانی عەرەبستانی سعوودییە كە بە درۆ ناوبانگی "خادم الحرمین"ی لەسەر خۆی داوە، بەڵام بە كردەوە سەلماندوویەتی كە نەك هەر خزمەتکاری کابەو ئەمانەتدار نییە، بەڵكوو خائینیش بووە.
ناوبراو دەڵێ: هێندێك جار ئیرادەی خودا لەسەر ئەوەیە كە نیزامە ستەمكارەكان بە دەستی خۆیان لەنێو بەرێ، هەر بۆیە من پێم وایە كە عەرەبستانیش لە ڕووخان نزیك بۆتەوە.
كرمانی لە درێژەی قسەكانیدا گوتوویەتی: من حەوزە عیلمییەكان وریا دەكەمەوە، داوا لە بەڕێوەبەرایەتیی حەوزەی عیلمییەی قوم دەكەم، وەك بەڕێوەبەری سەرتاسەریی حەوزەكانی وڵات، چاوەدێرییەكی چڕوپڕی بەسەر ناوەڕۆكی كتێبە دەرسییەكانی حەوزەكانی سوننی مەزهەبەكاندا هەبێ. 
مووەحیدیی كرمانی دەڵێ، با لە داوێنی خۆماندا دوژمن پەروەردە نەكەین، چونكی وەهابییەكان دوژمنی ئیسلام‌و كۆماری ئیسلامین، نەوەك لە خوێندنەگە ئاینییەكانیاندا دەرسی كتێب گەلێكی لەم چەشنە بڵێنەوە.