فارسی
English

هه‌واڵه‌کان

ئێعدامی 55 که‌س له‌ 3 حه‌وتوودا له‌ نێو بێده‌نگیی راگه‌یه‌نه‌کاندا

2015-04-16 09:52:54

 له‌ زیندانه‌کانی ئێرانداو، له‌ ماوه‌ی که‌متر له‌ 3 حه‌وتوودا 55 که‌س ئێعدام کران.

کۆمیته‌ی نێوده‌وڵه‌تیی دژ به‌ ئیعدام له‌ راگه‌یه‌ندراوێکدا، وێڕای ڕاگه‌یاندنی هه‌واڵی ئێعدام کرانی 55 که‌س له‌ زیندانه‌ جیاجیاکانی ئێران له‌ ماوه‌ی که‌متر له‌ 3 حه‌وتوودا، داوای له‌ ڕاگه‌یه‌نه‌ فارسی زمانه‌کان کردووه‌ تا کۆتایی به‌ بێده‌نگیی خۆیان له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌م بابەتەدا بێنن.
له‌م راگه‌یه‌ندراوه‌دا هاتووه‌ که‌ کۆماری ئیسلامی پاش ڕێککه‌وتنی لۆزان و خواردنه‌وه‌ی جامی ژه‌هری دووهه‌م، ده‌ستی به‌ کوشت‌و کوشتار له‌ نێو زیندانه‌کاندا کردووه‌. زۆربه‌ی بنه‌ماڵه‌ی زیندانییان باس له‌ ئه‌گه‌ری ئێعدامکرانی ڕۆڵه‌کانیان ده‌که‌ن‌و، کۆمه‌ڵێک له‌م بنه‌ماڵانه‌ ده‌ڵێن کاربه‌ده‌ستانی زیندان پێیان ڕاگه‌یاندوون بۆ دواجار و به‌ مه‌به‌ستی دوایین دیدار بچنه‌ زیندان و سه‌ردانی ئازیزانیان بکه‌ن.
له‌م راپۆرته‌دا هاتووه‌ که‌ له‌ ماوه‌ی ئه‌م مانگه‌دا 3 که‌س له‌ زیندانی وه‌کیل ئابادی مه‌شهه‌د، که‌سێک له‌ شیراز، 2 که‌س له‌ زیندانی بووشێهر، که‌سێک له‌ دیزڵ ئابادی کرماشان، که‌سێکی دیکه‌ له‌ زابۆل، 4 که‌س له‌ شیراز، 2 که‌س له‌ به‌نده‌رعه‌بباس، 11 که‌س له‌ ره‌جایی شار، 8 که‌س له‌ که‌ره‌ج، 4 که‌س له‌ عادڵ ئابادی شیراز، که‌سێک له‌ مه‌هریز، 4 که‌س له‌ زیندانی ئیسفه‌هان و 15 که‌س له‌ قزڵحه‌سار له‌ ماوه‌ی 3 حه‌وتوودا ئێعدام کراون.
کۆمیته‌ی نێوده‌وڵه‌تیی دژ به‌ ئێعدام ده‌ڵێ ڕزگار کردنی گیانی هه‌زاران که‌سی مه‌حکووم به‌ ئێعدام له‌ سلووله‌ مه‌رگه‌کانی کۆماری ئیسلامیدا، ئه‌رکی سه‌ر شانی گشت ئه‌م که‌سانه‌یه‌ که‌ گوێیان له‌م هه‌واڵانه‌ ده‌بێ و له‌م جینایه‌تانه‌ ئاگادار ده‌کرێنه‌وه‌.