فارسی
English

هه‌واڵه‌کان

حەسەن ڕووحانی: ڕێككەوتنی ئەتۆمی بەبێ هەڵوەشاندنەوەی هەر هەموو گەمارۆكان ئیمزا ناكەین

2015-04-16 09:17:56

حەسەن ڕووحانی دەڵێ ئێران تەنیا لە كاتی هەڵوەشانەوەی گشت گەمارۆكان بەدژی كۆماری ئیسلامیدا ئامادە دەبێ دوایین ڕێككەوتن لەگەڵ زلهێزە جیهانییەكان بۆ چارەسەری كێشەی ناوكی ئیمزا بكا.
سەرۆك کۆماری ئێران لایەنە پێوەندیدارەكانی وریا كردۆتەوە كە ئەگەر كۆتایی بە گەمارۆکانی سەر ئێران نەهێنن، هیچ ڕێككەوتنامەیەك لە نێوان ئێران‌و زلهێزە جیهانییەكاندا ئیمزا ناكرێ. ڕووحانی وتوویەتی ئیمزای ڕێككەوتنامەی ئەتۆمی لە كۆتایی دانووستانەكاندا دەبێ هەڵگری هەڵوەشاندنەوەی سزا نێودەوڵەتییەكان بەدژی ئێران بێ.
حەسەن ڕووحانی هەروەها پێشوازی لە بڕیاری ڕووسیە سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی قەدەغە كرانی فرۆشتنی مووشەكە "ئێس ـ 300"ەكان بە ئێران كردووە و گوتوویەتی گرێبەستی كڕینی ئەم مووشەكانە تەواو قانوونی بووەو ڕادەست كرانی ئەم مووشەكانە بە كۆماری ئیسلامی هیچ كاریگەرییەك لەسەر ڕەوتی دانووستانە ناوكییەكان لەگەڵ ئەم وڵاتە دانانێ.
شایانی باسە کە هێشتا وڵاتانی 1+5 لەسەر چۆنیەتیی لابردنی گەمارۆکانی ئێران ساغ نەبوونەتەوەو، ئانگێلا مێرکێل، سەدری ئەعزەمی ئەڵمانیش ڕۆژی سێشەممە رایگەیاند کە هەڵگرتنی گەمارۆکانی سەر ئێران دەبێ بە یەکیەتیی بڕیاری نێوان ئەو وڵاتانە بکرێ.