فارسی
English

ئه‌ده‌ب و هونه‌ر

وتووێژ لە گەڵ ئەیوب گازەرانی ئەدیب و زمانەوانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە پێوەندیی لەگەڵ زمانی زگماکی

2015-03-19 07:35:43

 گرنگی زمانی زکماگی لە چی دایە و بۆچی بە بنەرەتی ترین مافی گەلان چاوی لێدەکریت؟

جیا لە لایەنی ماف، زمانی زگماکی لایەنی گرنگی دیکە  ئالی ناسیاری و پێویستی پاراستن و فرەچەشنی زمانی و ناسیاری یە. هەر وەک زیندەوەر ناسان، بایەخ بە فرەچەشنی گژو گیا و پێویستی مان و بەرهەم هێنانەوەی دەدەن.
 هەر پەیڤەر و ئاخێوەرێک هەقیەتی زمانی دایکی خۆی خۆش بوێ و رێزی لێدەگرێ. ئەمە مافێکی بەڵگە نەویستە.کەس لە بەر هەست و سۆزی خۆکەسی‌و ناسیاری خۆ کەسی  پێویستی بە شیکردنەوە و روون کردنەوە  نییە. وەک خۆشەویستی دایک و زاگە و دڵدار،... هتد روون کردنەوەی  ناوێ. بەڵام لە روانگەی  نەتەوەییشەوە، لە نێو چوونی هەر زمانێکی زگماکی خەسارێکی گەورەیە  بۆ مرۆڤایەتی. هەر زمانێک کۆمەڵێک ناسیاری و زانیاری دەگمەن و جیاواز و تایبەتی گرتۆتە خۆ ،زانست و روانستێکی  خۆ -تایبەت و دانسقە لە باری شیوەی روانین بۆ جیهان و ژیان. هەر بۆیە لە نێو چوون و فەوتانی زمانی دایک خەسارێکی قەرەبوو نەکراوە بۆ میراتی سەرجەم مرۆڤایەتی. کە پاراستن و گەشە پێ دانی نەک هەر ئەرک و بەڵکوو ڕاسپاردەیەکی مرۆڤانەشە.
 
-لە بواری زمانی یەکگرتوو ئەم جیاوازیگەلە چەندە دەتوانێت بخرێتە خزمەتی بە توانا کردنی زمانی کوردییەوە؟
زمانی ستاندارد یان پێڤەر  یان یەکگرتوو (کە هەڵبەت یەکگرتوو کردن یەکێک لە کارکردەکانی زمانی ستانداردە لە روانگەی کۆمەڵناسی زمانەوە). بۆیە هەموو ئەرک و ڕاسپاردە وکارکردەکانی زمانی ستاندارد ناگرێتەوە.
واقع ئەوەیە کە  زمانی ستاندارد، بوونێکی سەر بەخۆی نییە. واوە زاری ستاندارد، ده راستی دا ژوورە زارێکە کە لە سەرجەم زار و بنزارێن زمانی فرە زاری کوردییەوە وەرگیراوە. هەوێن و ئامیانی سەرەکی زمانی ستاندارد لە زار و بن زارەکانی بەرهەم هاتووە بۆیە ژوورە زاری ستاندارد هەم بریتییە لە هەموو زار و بن زار و گۆڤەرەکانی زمانی کوردی و هەروەها دەکارین بێژین هیچ کامیشی بەتەنیا نییە. چ لە باری دەزگەی کۆ دەنگ و سامانەی دەنگی و پەیڤ و وشە و رستەو و چ لە باری رێزمان و کۆ واتاوە، خۆی لە زەریای گشتی زمان - هەموو لق و پۆی زمان - پاراو دەکا و لە باری یاساو رێسای دەنگی و» مۆرفۆلۆژی و سینتاکسەوە «، ساکارترین و کاراترین دیاردەی زمانی هەڵدەبژێرێ و بژاری دەکا، نە بەشێوەی بێ سەروبەر و شپرز و نارێک بەڵکوو زۆر تۆکمە و تەکووز پێداویستی خۆی لە زارێن کوردی هەڵدەهێنچێ.
بۆیە زاری ستاندارد لە گشت زارەکانی دیکە دەوڵەمەندترە  چ لە باری سامانی دەنگ و (فۆ نێم و مۆرفێم و وشە)، و هەروەها لە باری رێنووس و رێزمانەوە. 
بۆیە پەیڤەر و ئاخێوەری هێچ کام لە زار و بن زارەکان بۆیان نییە و نابێ ژوورە زاری ستاندارد- کە دەتوانین پێی بێژین: «زمانی باوک» و بێ گومان جیاوازە لە گەڵ زمانی دایکە زا - وەک زارێکی نامۆ و لامۆ چاو لێ بکا. 
کەوایە زمانی باوک (ستاندارد)و زمانی دایک دەبێ بایەخ و گەشەیان پێ بدرێ و دەکار هێنانی زمانی ستاندارد بەهیچ جۆر بەمانای پشت گوێ خستنی زمانی دایک نییە، زمانی دایک دە واقع دا ریشە و چاوگەی دەوڵەمەندی و پاراوی زمانی ستانداردە. بەتایبەتی زمانی ستانداردی زانستی (زمانست)خۆی لە زەریای پڕ شەپۆل و  لەبن نەهاتووی  وشە و کەلەپووری رەسەنی رێسای زمانی  زەنگین و پاراو  دەکا. بۆیە تەنانەت لە روانگەی زاری ستانداردیشەوە، لە بەرژەوەندی زمانی باوکی دایە  کە زمانی دایک بپاریزین و گەشەی پێ بدەین. 
 
بەرێزت زیاتر خوت لە بواری ئافراندنی زاراڤەی نوێی و «رۆنانی وشە « ماندوو دەکەیت بە نیسبەتی چەمک و مەفاهیمی زانستی و فەلسەفی. ئایا ئەم هەوڵانە پێوێستە؟ 
ئەگەر بمەوێ رێباز و رێکار ی»وشە ئافراندنی کارا «روون بکەمەوە .- کە لە سەر رووپەڕی خۆم لە دیمپەڕ(فەیسبووک) ، بەشیوەی وردتر و تۆکمەتر  روون  و شیم کردۆتەوە. 
بەڵام ئەم سێ لایەنەی دەگەڕێتەوە بۆ «ئافراندنی وشە « کە ناوێکی داگرو تۆکمەیە بۆ هەر سێ شیوازی بەرهەم هێنانی وشە ،- هەڵبەت بۆ زمانی    زانستی(زوانست) نەک بۆ زمانی زارەکی یان سەرزارەکی ١. وشە دۆزینەوە ٢. وشە ڕۆنان و٣.وشە بژارتن .
دیارە دیاردەی بزۆکی و زگ وزا بۆ خۆی بەپێی  پێداویستی زمان وشەی نوێ بەرهەم دێنێ. زمانێک نەتوانێ بۆ دەربڕینی چەمک و واتای و مەبەستی نوێ وشە و زاراوەی نرت و نوێ بەرهەم بێنێ و داری زمان ئەگەر نەتوانێ بەپێی پێداویستی سەردەم چرۆ دەر بکاو وشەی  لێشین بێ. ئەوا به جیدی ناتوانی ئەرک وکارکرد و ڕاسپاردەی سەردەمیانەی خۆی بەجێ بێنێت وزمانی وا نەزا و نەزۆک  -گەرەک ناگەرەک - دێر  و یا زوو – دەمرێ. 
ئەوانەی کە لە بیستنی «وشە ڕۆنان « شل دەکەن و دەپرینگێنەوە و بە دیتنی هەر وشەیەکی نرت ونوێ کە -لەوانەیە - لە زاگە ی زمان دا بۆ چێ کردن و رۆنان و بژاردن و بەرهەم هێنانی کۆڵێک هەوڵی زانستیانە و پسپۆڕانەی  بۆ دراوە. زۆر پڕ هەست و سۆز، لێ نابەرپرسانە و کەمتەرخەمانە و تەوەزەلانە هەڵوێست دەگرن و دووربینی  دوا ناکەن . دەشێ وشیار بکرێنەوە -کە ئەمە  هێندەی چێ کردنی ماکێکی کیمیایی لە ئەزموونگە تاقیگە دا پسپۆڕانە  هۆ ناسانە و سەرهۆ ناسانەیە  و، جیا لە زمانوەر وزمان زانی، زمان ناسی و تەنانەت واوەتر لە مانەش پێویستی بە زانستی بەرنامەرێژی و ئەندازیاری زمان(زمانەوانی) هەیە. 
بەداخەوە لای ئێمە زۆرکەم باسی پەتا ناسی و خەسار ناسی  بواری گرینگی وشە نووسی و فەرهەنگ نووسی کراوە . بۆ لە ئێران وکوردستان ئەم بوارە زانستی و هەرە پسپۆڕییە ، بووەتە مەیدانی تراتێن و رمبازێنی بڵاوگە و ناشری ناشارەزا دلبژۆک و چاوجنۆک.     
بۆیە وا نییە کە هەر کەسێک  لە وشەوانی و وشە نووسی  زانستیانە و داهێنەرانەی بوارەکانی دیکەی رووناکبیری دا پەکی کەوتبێ و دامابێ و سەری بێ کڵاومابێ وابزانێ  وشەوانی و وشە نووسی، هەر  وشە کۆکردنەوە و وشە دۆزینەوە یە و هیچی‌تر نا، -بۆیە کارێکی مکانیکییە  کە هەر  بڵاوگەو ناشرێکی ناشارەزاش بە لەبەر یەک دانانی چەند وشە نامەیەک لە پێش چەند کەسی کەم شارەزا کە هێندەی خوێندەوار و  قوتابی یەکی پۆلی  سەرەتای کوردی بزانێ جا بەریز کردنیان بەپێی  ئەلفوبێ  مل بنێ لە وشە نووسی و، وەبزانێ  کارێکی سانایە و کارایی و داهێنان و پسپۆڕی  ناوێ وەک  بوارە کانی دیکەشەونخونی و زەحمەتی ناوێ و  هەر کارێکی  میکانیکییە و بە چەند تایپیست و کەمپیۆتر، لە ماوەیەکی کەم وکورت دا  دەکارێ توورەکە وشەیەکی  قەبە و قەڵەو یان لێ هەڵدوورێ. 
 
دۆخی ئێستاکەی زمانی کوردی بەتایبەت لە رۆژهەڵاتی کوردستان ئەڵبەت زیاتر کەموکۆڕییەکانی چۆن دەبینی؟
ئەگەر بەگشتی باسی زمانی کوردی لای خۆمان بکەین ئاشکرایە گەشەیەکی ئەوتۆی بە خۆوە نەدیوە، ئەوە هەیە هەست و سۆز و هۆگری  زۆر هەیە بۆ فێربوون و خۆ فێرکردن بە زمانی ستاندارد، بەتایبەت بنەماڵەکان پێیان خۆشە مناڵەکانیان  فێری خوێندن و نووسینی کوردی بکەن  بەپێچەوانە هێندێ بنەماڵە  لەم بارەوە زۆر کەمتەر خەمن.
دیارە وەک هەمیشە، هیچ لێژنە و ناوەندێک سەرگیری وبەرگیری زمان ناکا، لە هەوڵی تاکەکەسی و خۆ کەسی کە بگرین. دەتوانین باسی چەند بڵاوگە، ناوەندی ڕاگەیاندن و ئەنجومەنی ئەدەبی و گۆڤار بکەین کە لەنێویان دا بە دەگمەن هەوڵەکانیان  پشت ئەستوورە  بە گەڵاڵەیەکی بەرنامە بۆ دارێژراو لە ڕایەڵەکانی سایبر ، وەک دیم پەڕ (فەیس بووک هەوڵێکی ببڕ و کارا بەدیی ناکرێ)، ئەگەر جارنا جار دەرفەتێکیش بۆ چاپ و بەرهەمی کتێبی کوردی  هەست پێ دەکرێ کەچی کەسانێک پەیدا دەبن  بۆ بەرژەوەندی خۆکەسی و ماددی، هەڵی هەڵکەوتوو لەبار دەبەن . بەناردنی زڕبەرهەم  بۆ بازار ئەو دەرفەتانە لەکیس زمانەکەمان دەدەن . لەوەها بستێن و هەل و مەرجێک دا  هۆگر و  خوێنەری شێلگیر بەروەردە نابن.  
زمانی کوردی رەوشێکی شیاوی نییە، بەداخەوە زۆرێک لە هۆگرانی زمانی کوردی لای خۆمان زۆر جاران بەشێوەی نابەجێ لاسایی هەڵە زمانییەکانی ئەو دیو دەکەنەوە، بەداخەوە نەمانتوانیوە لە گشت توانا و توانستی زار و بن زارەکانی ئەم دیو (رۆژهەڵات) بەباشی بەهرە وەر بگرین و زمانی ستانداردی پێ دەوڵەمەند بکەینەوە. نەسڵی ئێمە لە چاو بەرەی پێشوو (مەردۆخ ، هەژار و هێمن و قزڵجی و ...)کارێکی ئەوتۆ مان بۆ زمانەکەمان نەکردووە تەنانەت ئەو کارە مکانێکی یانەش لە بواری وشە نووسی دا  کردوومانە زۆر بەدەگمەن داهێنەرانە و خۆ کرد بووە.
ئێمە لە بواری ئافراندنی وشەش دا کە کارکردێکی ئاسایی و سروشتی زمانە، نەمان توانیوە مامایەکی باش بین بۆ زمانی کوردی. ئەو کەسانەش خەریکی وشە رۆنان بووگن رێکار و رێباز و شێوە ی وشە چێ کردنیان بەپێ یاساو رێسای کۆ وشەی زمانی کوردی نەبووە و زیاتر لاسا کردنەوەی  زمانی بیانی و دەر و جیران بووە.
لە سۆنگەی باڵا دەستی ئیدۆلۆژی لە لای ئێمە -جا چ نەتەوە ویستی و چ چەپایەتی و ئایینی، زمان لای زۆرینەی رامیاران وەک ئامیر و ئامراز چاو لێکراوە تەنانەت خەی زمان لای رامیاران هەر بۆ دەنگەشە و چاووڕاو بووە و بایەخی ئەوتۆ بە خودی زمان و دەور و نەخشی لە گۆڕینی کۆمەڵگە دا نەدراوە.
 
له‌ ژماره‌ ٦٥٢ ی رۆژنامه‌ی "کوردستان"دا بڵاو بۆته‌وه‌